سەرۆک بارزانی: دادگەری گەر بەردەوام بێت ئاوەدانکارە، زوڵم گەر بەردەوام بێت وێرانکارە

سەرۆک مەسعود بارزانی
سەرۆک مەسعود بارزانی

سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند: بڕیارەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق سەلمێنەری ئەوەیە کە، "دادگەری گەر بەردەوام بێت ئاوەدانکارە، زوڵم گەر بەردەوام بێت وێرانکارە".

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی، لە بارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق و دەنگدان بە پرۆژە یاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان لە ناوچە کوردستانییەکان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

سەرۆک بارزانی دەڵێت: بڕیارەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، سەلمێنەری ئەوەیە، کە "دادگەری گەر بەردەوام بێت ئاوەدانکارە، زوڵم گەر بەردەوام بێت وێرانکارە".

سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان و خوێندنەوە لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆبووەوە. هەر لە کۆبوونەوەکەدا  دەنگ بە پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان درا.

 لەم بارەیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: دوای 50 ساڵ لە داگیرکاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەنگی لەسەر درا.

گوتیشی: گەڕاندنەوەی زەوی داگیرکراوی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەنگاوێکی گەورەی پەرلەمانی عێراقە و دەنگی لەسەر پرۆژە یاساکە دا.

جەختی لەوەش کردەوە، سەرخستن و دەنگدان بەم پڕۆژە یاسایە بە شەونخونی و یەکدەنگیی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بووە و گرنگە ئەو یەکڕیزییە بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم مافەکان بەردەوام بێت.