پەیامنێری کوردستان24: ڕێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەکراوە

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

هەرچەندە سەرۆکی کاتیی پەرلەمان داوای کردووە کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە نەکراوە. 

ڕۆژی سێشەممە، 21-01-2025، محەممەد سلێمان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان لە یاداشتێکدا داوای لە پەرلەمانتاران کرد، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-01-2025، لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە ببن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان. 

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، تەنها فراکسیۆنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و ژمارەیەک پەرلەمانتاری چەند فراکسیۆنەک هاتوونە باڵەخانەی پەرلەمان و چاوەڕێی لێدانی زەنگ دەکەن تاوەکوو بچنە نێو هۆڵی کۆبوونەوە. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تاوەکوو ئێستە هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەکراوە، بۆیەش پێشبینی ناکرێت، ئەمڕۆ دەستەکە هەڵبژێردرێت و ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتارانیش تەواو ببێت. 

دووشەممە، 02-12-2024، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز، سروودی نیشتمانی و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان؛ دەستی پێ کرد و بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولە، محەممەد سلێمان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، سەرۆکایەتی کرد.

هەر چەندە بڕیار بوو لە یەکەمین کۆبوونەوەدا، دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ڕەهای ئامادەبووان، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا.