شاندی دەم پارتی گەیشتە ئیمرالی

شاندێکی دەم پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، گەیشتە دوورگەی ئیمرالی.
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-01-2025، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گەیشتە دوورگەی ئیمرالی بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
شاندەکەی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک هاتووە و ئەمە دەبێتە دووەمین کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان.
دوێنێ سێشەممە، 21-01-2025، سرری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا؛ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای دیداری دووەم کە ئەمڕۆ دەکرێت، لە ئاییندەدا دیداری سێیەمیشیان لەگەڵ ئۆجەلان دەبێت و دوای ئەوە، نەخشەڕێگەی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەخەنە ڕوو.
ڕۆژی دووشەممە، 20-01-2025، شاندێکی دەم پارتی سەردانی وەزارەتی دادی تورکیای کرد بە مەبەستی پێشکەشکردنی داواکارییەک بۆ دووبارە چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان لــە زیندانی ئیمرالی.
یەکەم کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان؛ ڕۆژی شەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوە چوو و دواتر ئەو پارتە کوردییە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی دیدارەکەیان بۆ ڕای گشتی خستە ڕوو کە لە چەند خاڵێک پێک هاتبوو.
لەو دیدارەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."
دوای دیدارەکە، شاندەکەی دەم پارتی بۆ خستنەڕووی ئەنجامی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان؛ بە جیا لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کۆ بوونەوە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانیش، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیان کردەوە، هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەرێنی بووە