مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا جەختیان لە پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر بۆ سووریا کردەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ دیک شوف سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا گفتوگۆیان لەسەر گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی سووریا کرد.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر و هەمەلایەنە و بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیاندا.
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا وێڕای گفتوگۆ لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکارییەکان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر و هەمەلایەنە و بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیاندا.
هەر لە دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنەی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کردەوە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
هەر لە بارەی ئەم دیدارە، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "لەگەڵ بەڕێز دیک شوف سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، جەختمان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە. پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی سووریامان تاوتوێ کرد و هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی و پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی بۆ حکوومەتێکی گشتگیر بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی سووریا".
لەگەڵ بەڕێز دیک شوف سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، جەختمان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە. پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی سووریامان تاوتوێ کرد و هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی و پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی بۆ حکومەتێکی گشتگیر بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی سووریا.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) January 22, 2025