فەرمانگەی ژینگەی هەولێر: لە سێ کاتی جیاوازدا پشکنین بۆ مۆلیدەکان دەکەین

لە شاری هەولێر هەڵمەتی پشکنینی مۆلیدە ئەهلییەکان بەردەوامە و پشکنین بۆ ئاستی دەنگ، ڕێژەی دەردانی دووکەڵ و پاشماوەی مۆلیدەکان دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی هەڵمەتەکەش، پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکەیە.
"سێ کاتی جیاواز بەدواداچوون بۆ سکاڵای هاووڵاتییان دەکرێت"
خەسرۆ سالح، ئەندامی لیژی پشکنینی مۆلیدەکان لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکان؛ فەرمانگەی ژینگەی هەولێر چەند لیژنەیەکی بۆ پشکنین و چاودێریی مۆلیدە ئەهلییەکانی پێک هێناوە و بەیانییان، ئێواران و شەوان ئەو مۆلیدانە بەسەر دەکەنەوە کە هاووڵاتییان سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن."
لە وەڵامی پرسیاری "چۆن سکاڵای هاووڵاتییان لەبارەی مۆلیدە ئەهلییەکان دەگاتە دەستی ئێوە؟" ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر گوتی: "سێ هێڵی گەرممان هەیە، هاووڵاتییان پەیوەندیمان پێوە دەکەن و هاوکات وێنە و ڤیدیۆش وەکوو بەڵگە بۆمان دەنێرن."
سزای خاوەن مۆلیدەکان دوای پێشێلکردنی ڕێنماییەکان
خەسرۆ سالح ئاماژەی بەوە کرد، دوو جار سزای توندی خاوەنی ئەو مۆلیدە ئەهلییانە دەدەن کە پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نابن. جاری یەکەم 10 ڕۆژ مۆڵەتیان دەدرێتێ، ئەگەر هەر پابەند نەبوون، ڕادەستی دادگا دەکرێن، ئەگەر هەر بەردەوام بوون لەسەر پێشێلکردنی ڕێنماییەکان، مۆلیدەکانیان لێ دەستێننەوە و لەو شوێنانە هەڵدەگرن.
جۆری سزای خاوەنی مۆلیدەکان:
1. سزای بەرزی دەنگیی مۆلیدە: یەک ملیۆن دینار.
2. سزای دەردانی ڕێژەیەکی زۆری دووکەڵی پیس: یەک ملیۆن دینار.
3. سزای دەرچوونی ئەو پاشماوانەی ئاوی ژێرزەوی پیس دەکەن: ملیۆنێک نیو تا دوو ملیۆن دینار.
کاریگەریی نەرێنی دەردانی دووکەڵی مۆلیدە ئەهلییەکان
بەرپرسەکەی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دووپاتی کردەوە "زۆربەی ئەو دووکەڵە پیسانەی لەلایەن مۆلیدەکانەوە دەردەدرێن، بەهۆی بەکارهێنانی گازی کوالێتیی خراپە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەکارهێنانی گازی کواڵێتیی نایاب، بەهای ئەمپێری کارەبا دیاری دەکات، بەڵام بەشێکی خاوەن مۆلیدەکان گازی کواڵێتیی خراپ بەکار دەهێنن."
لەبارەی ژاوەژاو و بەرزی ئاستی دەنگی مۆلیدەکان، خەسرۆ سالح گوتی: "چەند ساڵێک لەمەوبەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بێدەنگکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی داوە و پێویستە هەمووان پێوەی پابەند بن."
وەکوو ناوبراو باسی کرد "یەکێکە دیکە لە هۆیەکانی پیسبوونی ژینگە، ئەو ڕۆن و گازەیە کە وەکوو پاشماوە لە مۆلیدەکان دەردەچێت و لەگەڵ ئاوی ژێر زەوی تێکەڵ دەبێت و ئاوی ژێرزەوی پیس دەکات." گوتیشی: "هەزار و 175 مۆلیدە لە شاری هەولێر هەن؛ کارکردنی ڕۆژانەیان زیانێکی زۆری بە ژینگەی شارەکە گەیاندووە."
سەرۆک وەزیران ژمارەیەک بڕیاری بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە دەرکرد
ڕۆژی یەکشەممە، 12-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی دا "پرسی ژینگەپارێزی بەشێکی گرنگی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە ، ئەرکی هەموو لایەکمانە."
بڕیارەکانی دوای کۆبوونەوەکە:
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک ، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە.هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێ خاوەنی مووەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: ڕێگریی لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکار دەهێنرێت.