شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ سۆراخی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە دەچێتە تاران

شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ سۆراخی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە دەچێتە تاران. وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دەڵێت: بە گوێرەی ئاماری بەردەست، لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە، 211 منداڵ ونبوون.
چوارشەممە، 22-01-2025، شاندێکی بۆردی "منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە" بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵلا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشە بەغدا.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئامانجیان لە سەردانەکە، بەدواداچوون و زانینی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەیە و بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و باڵیۆزخانەی ئێران کۆبوونەتەوە و سبەینێ پێنجشەممەش، 23-01-2025، هەر لە بەغدا درێژە بە کۆبوونەوەکانیان دەدەن.
عەبدوڵلا حاجی مەحموود ئەوەشی خستە ڕوو، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا و باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران؛ هەماهەنگییان کردووە و بەرنامەیان داناوە، جارێکی دیکە بۆ زانینی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە سەردانی تاران بکەنەوە، چونکە وەکوو خۆی گوتی "زۆرینەی ئامارەکانی تایبەت بەو منداڵانە لەلایەن وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆی ئێرانەوە تۆمار کراون."
بە گوتەی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان "ئێران بەوپێیەی هاوسنوورە لەگەڵ هەڵەبجە و لە کاتی کیمیابارانی شارەکە دەرگای بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە واڵا کرد، حکوومەتەکەی ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکارییەکی بۆ زانینی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان بۆ ئێمە دەربڕیوە."
عەبدوڵلا حاجی مەحموود باسی لەوەش کرد "بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە لای بۆردەکە هەن، تاوەکوو ئێستە 74 خێزان داوایان بۆ دۆزینەوەی 211 منداڵی ونبوویان پێشکەش کردووە کە لە دوای کیمیابارانی ساڵی 1988ـی هەڵەبجە دیار نەماون."
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بۆردێکی تایبەت بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بە ناوی "بۆردی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە" دامەزرێندرا کە لە نوێنەرانی سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێت.