لە عەفرین پەلاماری هاووڵاتییانی کورد دەدرێت و سەرانەیان لێدەسێنرێت

ماوەیەک چەند گرووپێکی میلیشیا بە دەمامک و چەکەوە لە گوندەکانی سنووری شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاووڵاتییانی کورد و لە ژێر زەبری چەک و هەڕەشە سەرانەیان لێدەستێنن و هەر کەسێکیش داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکات، شوێن بزری دەکەن.

هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی گوندی قەرەبابا لە سنووری شارەدێی ڕاجۆی شاری عەفرین، گرتە ڤیدیۆیەکی بۆ کوردستان24 ناردووە و دیمەنی شێواندنی نێو ماڵەکەی تۆمارکردووە و دەڵێت" دوای ئەوەی لەخۆیی و هاوسەرە دوگیانەکەیانداوە و کۆرپەلەکەی لەبارچووە، نێو ماڵەکەشیان بە تەواوی تێکهەڵشێلاوە".

ئەم هاووڵاتییە بەهۆی مەترسی و هەڕەشەی گرووپە میلیشیاکان، نەیویستووە ناوی و ڕووخساری ئاشکرا بێت، بەڵام بە مۆبایلەکەی دیمەنەکانی تۆمارکردووە و دەڵێت" خەڵکینە ئەمە ماڵی منە، چەکداران لە عەفرینەوە هاتوون و هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەم و جیا لە تێکشێلاندنی نێو ماڵەکەم بە قۆنداغە تفەنگیش لێیانداوم، بۆ پارە و چەک دەگەڕێن".

دەشڵێت:"هاوسەرەکەم مانگێک بوو دوگیان بوو، لەگەڵ لێدان و پەلاماردانی لەلایەن چەکدارەکانەوە، کۆرپەلەکەی لەبارچووە".

ئەم هاووڵاتییە ژوور بە ژووری ماڵەکە دەگەڕێت و دەڵێ: تەماشا بکەن چیان لە ماڵەکەم کردووە، بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک هەبێت یان بیان ناسم".

سوپای تورکیا و گرووپە میلیشیاکان لە 20ی کانوونی دووەمی 2018، دوای 58 ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادان و بەرگری، دواجار بەهۆی تۆپبارانی ناوەندی شاری عەفرین و گوندەکانی ڕاجۆ، شیێ، بلبلێ، شەرا، جندرێس، هێزەکانی هەسەدە ناوچەکانیان چۆڵکرد.

بە هۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 300 هاووڵاتیی سڤیل شەهید و زیاتر لە 700 هاوڵاتی دیکەش برینداربوون. سەرەڕای ئەوەش نزیکەی 350 هەزار هاووڵاتیی لە زێدی خۆیان دەرکران، بەشێکی زۆریان لە گوندەکانی نێوان عەفرین و حەلەب نیشتەجێ بوون، بەشێکی دیکەشیان ئاوارەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێکیش لە هەرێمی کوردستان بوونە پەنابەر.

هەروەها گرووپە میلیشیاکان، خانووی هاووڵاتییانی سڤیل، قوتابخانەکان، دامەزراوە فەرمییەکان، نەخۆشخانەکان، مزگەوتەکان، شوێنە مێژوویی و پیرۆزەکان و ژێرخانی عەفرینینان وێران کران.

لە دوای 8ی کانوونی یەکەمی 2024 و پاش ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد، سەرکردایەتی دەستەی تەحریر شام وەک نیاز پاکییەک پەیامی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی کوردی ئاوارەی عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەری بۆ زێدی خۆیان ڕاگەیاند، بەڵام تاوەکوو ئێستاش هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ئەو گرووپە میلیشیانەی لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، ڕووبەڕووی لێدان و دەرکردن دەبنەوە لە سنووری عەفرین.