350 هەزار دۆنم زەوی بۆ کورد و تورکمان دەگەڕێتەوە

هێشتا %65ی زەویی کشتووکاڵی جوتیارانی کورد کێشەیان لەسەر دەمێنێت

پەسەندکردنی یاسای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەرکردایەتیی بەعس بۆ دەستبەسەر داگرتنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جوتیارانی کورد، تەنیا کێشەی %35ی هاووڵاتییانی کورد چارە دەکات.

بەگوێرەی بە دواداچوونەکانی ماڵپەڕی کوردستان24، لەو پرۆژە یاسایەی دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراو، بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەرکردایەتی بەعس و گەڕاندنەوەی مۆڵک و ماڵە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، ڕووبەری 350 هەزار دۆنم زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێتەوە، کە بەرهەمی ساڵانەیان 350 هەزار تۆن گەنم دەبێت.

هەروەها ملیۆنێک دۆنم زەوی دیکەی کشتووکاڵی دەمێنێتەوە کێشەیان لەسەر بێت، کە ڕووبەرەکەیان دەکاتە %65ی زەوییە داگیرکراوەکان و موڵکی هاووڵاتییانی کورد و تورکمانن لە سنووری پارێزگای کەرکووک.

لەلای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی، لەسەر ئەم بڕیارە، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند: ئەو بڕیارە لە شوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف. هاوکات سەرۆک بارزانی بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكات كە ڕۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەبووە و سوپاسیان دەکات..

هەر دوێنی، سێشەممە، دوای دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسایەکە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: وای 50 ساڵ لەداگیرکاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی رژێمی بەعس،  پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەنگی لەسەر درا.

گوتیشی: گەڕاندنەوەی زەوی داگیرکراوی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەنگاوێکی گەورەی پەرلەمانی عێراقە و دەنگی لەسەر پرۆژە یاساکە دا.

هەر لەدوای ئەم بڕیارە، زۆری نەخایەند، بەرەی تورکمانی عێراقی، پەیامێکی لەم بارەیەوە، بڵاوکرەوە و ڕایگەیاند:گرنگه‌ ڕێكاره‌ یاسایی و كارگێڕییه‌كان له‌م باره‌وه‌ به‌ زوویی جێبه‌جێ بكرێن.