لە پارێزگای سلێمانی نۆ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
K24 - سلێمانی
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە 9 کەس.
د. عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی بە کوردستان24ـی رایگەیاند "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25-6-2020) 9 كەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە".
د. عەبدوڵڵا روونی کردەوە ئەو 9 کەسە لەنێو شاری سلێمانی، پێنجوێن، سەیدسادق و سەنگاون. دەشڵێ "بەهۆی خراپیی دۆخی ژمارەیەک تووشبوو، رەنگە ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بگاتە 20 کەس".
لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، تائێستا سێ هەزار و 341 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ئێستا 2482 کەسیان ئاکتیڤ کەیسن، واتا ڤایرۆسەکە لە جەستەیان چالاکە، هەروەها 111 کەس گیانیان لەدەستداوە (جگە لەو نۆ کەسەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا)".
هـ.ر.