وەزیری گواستنەوە بۆ بەرپرسێکی ئەمەریکی: بەغدا پرسی مووچە وەکوو کارتی فشار بەکار دەهێنێت

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، لە واشنتن، دیدارێکی بەرهەمداریان لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق و ئێران هەبوو.
ئانۆ جەوهەر ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دیدارەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا، لەوانە پابەندبوونی حکوومەت و سەرکردايەتیی سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتیی گونجاوی کلدان، ئاشووری، سریانی-ئارامی، ئەرمەنی مەسیحی و وپێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە حکوومەتی نوێدا کە دەبێت بەم زووانە لە هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.
تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە واشنتن، بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد. وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت: "گفتوگۆیەکی بەرفراوانمان لەگەڵ خاتوو تایلۆر کرد سەبارەت بەو قەیرانانەی کە بەردەم گەلی کوردستان و گەلی عێراق بە گشتی، و ڕووبەڕووی گەلەکەمان، کلدان، ئاشووری، ئارامی سریانی، ئەرمەنی، و ئەندامانی پێکهاتەکانی (کەمینەکان)، بەتایبەت دەبنەوە، بە تایبەت لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا."
ئانۆ جەوهەر ئەوەشی خستووەتە ڕوو، جەختیان لەسەر پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرگریکردنی بەردەوامی خۆی لە بەهاکانی دیموکراسی و ئازادییە ئایینی و نەتەوەیی کردەوە بە بەهێزکردنی کولتوری لێبووردەیی و لێکتێگەیشتن کە هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا و ئەمەش لە واقیعی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا ڕەنگدانەوەی هەیە سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سەختەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕیوە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن باسی لەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بەو بەرپرسە ئەمەریکییەیان گوتووە، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "لە لایەن بەشێک لە هێزە سیاسیەکان کە زاڵبوون بەسەر جومگە گرنگەکانی دەوڵەت لە بەغدا وەک کارتێکی فشاری سیاسی لەسەر هەرێم دروستکراوە و بەکاردەهێنرێت لە پێناو هەڕەشەکردن لە قەوارە دەستوورییەکەی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە. ئەم هێزە سیاسییانە لە بەغدا ئەم هەلسوکەوتە هەلەیە ئەنجام دەدەن بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سەختی هاووڵاتییان و بەبێ گرنگیدان بە جەدەلیەتی ئەخلاقی و ویژدانی ئەم سیاسەتە شەرمەزارکەرە لەڕووی مرۆییەوە و هەروەهاش لە ڕووی ئەخلاقییەوە."