ئانۆ جەوهەر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ماف و ئازادیی پێکهاتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە

کۆبوونەوەی وەزیری گواستنەوە لەگەڵ بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
کۆبوونەوەی وەزیری گواستنەوە لەگەڵ بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن؛ لەگەڵ ماریا مێرسێر، جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی ئایینی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوە. 

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس باسی لەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا "گفتوگۆیەکی قووڵمان هەبوو سەبارەت بەو ئالەنگارییانەی ڕووبەڕووی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە کلدان، ئاشووری، سریانی ئارامی، ئەرمەنی، و ئەندامانی پێکهاتەکان (کەمینەکان) لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنەوە، بە تایبەتی لە ناوەڕاستی دۆخی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و بەتایبەتی ئەو یاسایانەی بەبێ ڕەچاوکردنی مافی هاووڵاتییانی سەر بە پێکهاتەکان و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان دەردەچن."

ئانۆ جەوهەر ئاماژەی بەوەش کردووە "جەختمان کردەوە لەسەر پابەندبوون وسیاسەتی نەگۆڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامی بەرگریی لە ئازادییە ئایینی و نەتەوەییەکان و کولتووری لێبوردەیی و لە یەکترتێگەیشتن لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە."

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دیارییەکی پێشکەشی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کرد کە ڕەنگدانەوەی قووڵایی شارستانیەتی کلدانی و ئاشووری و سریانی-ئارامی دەکاتن لە کوردستان و عێراق.