لە سنووری زاخۆ دوو پاسەوانی سنوور بەهۆی هێرشێکی پەکەکەوە شەهید بوون

لە قەزای باتیفا چەکدارانی پەکەکە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و بەهۆیەوە دوو پاسەوان شەهیدبوون و دانەیەکی دیکەش بریندار بوو. 

سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئاگادار بە مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24 ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 24-01-2025، ژمارەیەک چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری قەزای باتیفا، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هێرشیان کردە سەر خاڵێکی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقی. 

ئه‌میر عه‌لی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەی پەکەکەدا، دوو پاسەوانی سنوور شەهید بوون و دانەیەکی دیکەشیان بریندار بووە، بەڵام ئێستە تەندروستیی جێگیرە.  

ئه‌میر عه‌لی ئاماژەی بەوەش کرد، هەر سێ قوربانیی هێرشەکە دانیشووی هەرێمی کوردستانن؛ ئەو دوو پاسەوانە سنووریەی شەهید بوون، یەکێکیان ناوی "عەلی ڕەمەزان ئیسماعیل"ـە كە خەڵکی قەزای سێمێلە و ئەوەی دیکەشیان ناوی ‌"مێهڤان ناجی میر شەرەف"ـە و دانیشتووری شاری دهۆکە.