مامۆستا مەلا عەبدوللـەتیف پێنجوێنی بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر

مامۆستا مەلا عەبدوللەتیف پێنجوێنی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی قازی محەمەد لە قەزای پێنجوێن ئەمڕۆ بە پەتای کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام گیانلەدەستدانی ئەو مامۆستا ئایینیەی بە کۆرۆنا راگەیاند و پرسەنامەیەکی ئاراستەی خانەوادەکە کرد. دەشڵێ "مامۆستا، زانا و کەسایەتییەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی دەڤەری پێنجوێن بوو، لە بنەماڵەیەکی خانەدان و ناوداری پێنجوێن بوو... مەلایەکی خۆشەویستی خەڵک، وتاربێژێکی بە ئەزموون و کۆڵنەدەر بوو".

دەقی پرسەنامەکە:

خانەوادەی بەرێز مامۆستا مەلا عبداللطیف پێنجوێنی قازی محمد
وێڕای رازیبوون بە قەدەری خوای گەورە، هەواڵی کۆچی دوایی (مامۆستا مەلا عبداللطیف پێنجوێنی)مان پێگەیشت.
مامۆستا زاناو کەسایەتیەکی ئاینی و کۆمەڵایەتی دەڤەری پێنجوێن بوو، لە بنەماڵەیەکی خانەدان و ناوداری پێنجوێن بوو، زانایەکی لە خواترس و صاڵح، ماندوونەناسێکی کەم وێنە، بانگخوازێکی سەرکەوتوو، مەلایەکی خۆشەویستی خەڵک، ووتاربێژێکی بە ئەزموون، کۆڵنەدەر، تێکۆشەر، غەمی بەردەوامی خزمەتی ئایین و خەڵک و خاکی خۆی بوو، بەردەوام لە بیری ڕێنمونی گەنجان و لاوان بوو بێ ماندووبوون و پسان. سەدان منداڵ و گەنج و لاو لەو دەڤەرەدا بەهرەمەندبوون لە ئامۆژگارییە جوانەکانی، لە ئەڵقەکانی قورئانی پیرۆز، لە دەرس و موحازەڕەکانی، بەداخەوە ئەمرۆ بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.
بەو بۆنەوە پرسەو سەرەخۆشی لە زانایانی دەڤەری پێنجوێن و خانەوادەو کەس و کاری مامۆستای رەحمەتی دەکەین، لەخوای گەورە داواکارین سەبرو ئارامی بە خزم و دۆستانی ببەخشێت و جێگەی کۆچکردوو بەهەشتی بەرین بێت.

انا لله وانا اليه راجعون
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
25ی6ی۲٠۲٠

 

 

 

هـ.ر.