دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، ئێستە بارودۆخی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان ئاسایی بووەوە و بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو گەیشتەوە 3700 مێگاوات. 

شەممە، 25ـی کانونی دووەمی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاگاداری هاوبەشانی کارەبای کردەوە، کە بەهۆی دروستبوونی کێشەی گواستنەوەی غازی (LPG) لە وێستگەی غازی کۆرمۆر گرفت دروستبوو، بەهۆیەوە کۆمپانیای (داناغاز ) ناچار بوو بە دابەزاندنی 100ملیۆن پێ سێ جا و کەمبوونەوەی (700) مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا.

پیشتر لە ڕۆژی هەینی، 17-01-2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوبەشانی کارەبای ئاگادار کردبووەوە "لە چوارچێوەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی غاز، بۆ ماوەی 10 كاتژمێر پەستانی غاز كەمبووەتەوە و بەهۆیەوە 750 مێگاوات كارەبا كەمبووەتەوە. بەڵام بۆ ڕۆژی شەممە، دۆخی کارەبا ئاسایی کرایەوە.