وەزیرێکی ئیسرائیلی: پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی غەززە "بیرۆکەیەکی نایابە"

یزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل
یزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل

وەزیرێکی ئیسرائیلی پێشوازیی لە پێشنیازی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی غەززە دەکات و دەڵێت: دەتوانن ژیانێکی نوێ لە دەرەوەی غەززە دەست پێ بکەن. 

 یەکشەممە، 26-01-2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی بیزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ ئوردن و میسر؛ بڵاو کردەوە.  

وەزیری دارایی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوەکەدا پێشنیازەکەی ترەمپی بە "بیرۆکەیەکی نایاب" وەسف کردووە و باسی لەوە کردووە "بیرۆکەی هاوکاریی (دانیشتووانی غەززە) بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ و باش لە شوێنێکی دیکە، نایابە."

سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو، بە مەبەستی دابین کردنی ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشنیازی بۆ بەرپرسانی ئوردن و میسر کردووە، بە شێوەیەکی فراوانتر پێشوازیی لە خەڵکی غەززە بکەن تا ئەو کاتەی کەرتەکە ئاوەدان دەکرێتەوە، چونکە وەکوو خۆی گوتی: "ئێستە غەززە وێرانە."

لە ماوەی زیاتر لە 15 مانگی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، زیاتر لە 47 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و زیاتر لە 110 هەزاری دیکەشیان بریندار بوونە کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن. 

لە میانی شەڕەکەدا، چەندان جار سوپای ئیسرائیل دانیشتووانی غەززەی ناچار بە گواستنەوە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکەی کەرتەکە کرد، ئەمەش ناڕەزایەتیی کۆشکی سپی لێ کەوتبووەوە. سەرەڕای ئەمەش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندان جار کەمپی ئاوارەکانی بۆمباران کرد کە بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون.