وەرچەرخانی هەرێمی کوردستان لە هاوردەکردنەوە بۆ پیشەسازیی و هەناردەکارییەوە
کارنامە و پلان و سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و رزگاربوون لە پشتبەستنی تەواو بە نەوت، کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئابووری دەستنیشان کراوە. بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکانی وەبەرهێنان، بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، نەخشەرێگای حکوومەت بۆ بووژانەوەی ئەم کەرتە دەخەنە روو، کە لە بەخشینی گەورەی گومرگی و دابینکردنی زەوی تا بەستنەوەی راستەوخۆی کارگەکان بە جووتیاران و زیادکردنی توانای سایلۆ و کۆگاکان پێکهاتووە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سیاسەتێکی توندی بۆ پاراستنی بەروبوومی خۆماڵی لە بەرامبەر هاوردەی دەرەکی گرتووەتەبەر. قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکاندا وەک سەوزەوات، پەتاتە، تەماتە و میوەکان، هاوردەکردن لە دەرەوە قەدەخە دەکرێت یان باجی گومرگیی قورسیان دەخرێتە سەر، تا جووتیاران رووبەڕووی زیان نەبنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بە سەرکەوتنی هەرێم لە بەرهەمی پەلەوەر کرد و گوتی: "کەرتی پەلەوەر وەک مریشک و هێلکە لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی گەیشتووەتە قۆناخی خۆبژێوی و بەشێکی زۆری بەرهەمەکان هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێن." ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، کارئاسانیی تەواو بۆ پڕۆژەکانی ساردکردنەوە و پاکێجینگ کراوە تا بەهای زیادکراو بۆ بەروبوومی جووتیاران دروست بکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 11 سایلۆی سەرەکی و ژمارەیەک بەنکەر هەن. بە دروستکردنی سایلۆ نوێیەکانی وەک کەلار، بەردەرەش و قوشتەپە، توانای گشتیی ئەمباری سایلۆکان بەرزبووەتەوە بۆ 500 هەزار تا نزیکەی یەک ملیۆن تۆن گەنم، ئەمەش وەرگرتنی گەنمی ساڵانەی تەواوی جووتیاران مسۆگەر دەکات.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان، لە رێگەی کەرتی تایبەت و بە هەماهەنگیی وەزارەت، تۆڕێکی بەرفراوانی کۆگای ساردکەرەوە دامەزراون. ئەمەش وایکردووە جووتیاران ناچار نەبن لە وەرزی پێگەیشتندا بەروبوومەکانیان بە هەرزان ساخ بکەنەوە، هاوکات بازاڕیش لە سەرجەم وەرزەکاندا بە بەرهەمی ناوخۆیی دابین بکرێت.
هەر لە بارەی بایەخدان بە پیشەسازی خۆماڵی، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتەکەیان لە بەرامبەر بەخشینی باجی گومرگی، مەرجێکی یەکلاکەرەوەی بۆ کارگەکان داناوە؛ پێویستە کارگەکان پشت بە بەروبوومی خۆماڵی و بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ ببەستن.
سەروەر هاواری روونیکردەوە، خاوەن پڕۆژە پیشەسازییەکان بۆ ماوەی 10 ساڵ لە گومرگی ئەو ئامێر و ماددە سەرەتاییانە دەبەخشرێن کە لە ناوخۆدا دەستناکەون، بەڵام پابەند دەکرێن ماددە سەرەکییەکانی وەک پەتاتە، تەماتە و زەیتوون لە جووتیارانی کوردستان بکڕنەوە.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی گوتیشی: "خاوەن کارگەکان دەتوانن لە رێگەی گرێبەستەوە شەتڵ و تۆوی تایبەت بە کەرتی پیشەسازی بدەنە جووتیاران و دواتریش بەرهەمەکانیان لێ وەربگرنەوە، ئەمەش تەواوکارییەکی ئابووریی پتەو لە نێوان کەرتی کشتوکاڵ و کارگەکان دروست دەکات."
هەروا بە سەرۆکایەتیی پارێزگارەکان و بە ئەندامێتیی شارەوانی، دەستەی وەبەرهێنان و ژوورە بازرگانییەکان، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لیژنەی تایبەت پێکهێنراوە بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەم کارگانە. ئەو پڕۆژانەش کە لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەت وەردەگرن، دەبێت رەزامەندیی وەزارەتی بازرگانی وەربگرن و بەو مەرجانە پابەند بن.
لە لایەکی دیکەوە، محەمەدشوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕ کوردستان24 راگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی زیاتر بە پڕۆژەکانی خۆراک دراوە، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنانی کشتوکاڵی بووژانەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت و بەراورد بە ساڵانی رابردوو، گەشەیەکی زیاتر زیاتری بەخۆوە بینیوە و تێکڕای وەبەرهێنان لەم کەرتە گەیشتووەتە نزیکەی 8%.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا، بەتایبەت گەنم، شیرەمەنی، پیشەسازیی خۆراک و پاکێجینگ هەنگاوی گەورەی ناوە. جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، بەشێکیان هەناردەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و دەرەوەی وڵاتیش دەکرێن.
دەربارەی ئاسانکارییەکان، محەمەد شوکری ئاشکرایکرد، ئەو پڕۆژانەی دەکەونە ناوچە دوورە دەستەکان، لە تەواوی رسووماتەکانی وەبەرهێنان دەبەخشرێن و زەوییان بێبەرامبەر بۆ دابین دەکرێت. هاوکات ماوەی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەندێک لە پڕۆژەکانی پیشەسازیی خۆراک لە 5 ساڵەوە بۆ 10 ساڵ درێژکراوەتەوە، تا تێچووی بەرهەمهێنان کەم ببێتەوە و خۆراک بە نرخێکی هەرزانتر بگاتە دەستی هاووڵاتییان.
هاوئاهەنگیی نێوان "دەستەی وەبەرهێنان، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو" دەری دەخات کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی زنجیرەیەکی تەواوکاردا کار بۆ کەرتی کشتوکاڵ دەکات. لە تۆوەوە بۆ زەوی، لە زەوییەوە بۆ کۆگا و کارگەکان، و لەوێشەوە بۆ سەر مێزی هاووڵاتییان و بازاڕەکانی دەرەوە. ئەم هەنگاوانە بنەمایەکی پتەوی ئابوورییەکی هەمەچەشن و پارێزراو لە قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.