تەقینەوەیەک لە کۆلێژی سەربازیی بەغدا ڕووی دا

یەکشەممە،26 ی کانوونی دووەمی 2025، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە کۆلێژی سەربازیی یەکەم، کە دەکەوێتە باشووری بەغدا، کەسێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
ئەو سەرچاوەیە بە میدیاکانی ناوخۆی ڕاگەیاندووە "لە کاتی لابردنی هەندێک داروپەردوو لەناو کۆلێژی سەربازیی یەکەم، لە ناوچەی زەعفەرانیە لە باشووری بەغدا، مینێک تەقیوەتەوە."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "تەقینەوەی مینەکە بووەتە هۆی کوژرانی کارمەندێکی فەوجی پاراستنی کۆلێژی سەربازی، هەروەها کارمەندێکی دیکەش بریندار بووە."
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، "هێزێکی ئەمنی بریندارەکەیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک شوینی ڕووداوەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، هەروەها تەرمی کژراوەکەش بۆ بەشی پزیشکی دادوەری گواستراوەتەوە".