هاکان فیدان: ئاسایشی و سەقامگیریی عێراق کاریگەریی لەسەر تورکیا دەبێت

یەکشەممە، 26ـی کانونی دووەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی گوتی: گفتوگۆمان لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە ناوچەکەوە کرد.

هاکان فیدان ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە بە شێوەیەکی ستراتیژی  دەڕوانینە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ عێراق." گوتیشی: "تا عێراق زیاتر ئاسایش و سەقامگیری هەبێت، ئاشتیی زیاتر لە تورکیا ڕەنگ دەداتەوە."

باسی لەوەش کرد "ئێمە پێشتر 27 ڕێککەوتنمان لەگەڵ عێراق ئیمزا کردووە، هەروەها هەوڵ دەدەین بەشداری لە هەموو پڕۆژەکانی پەیوەست بە گەشەپێدان بکەین و کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان."

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان کرد و گوتی: "قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراقنزیک دەبێتەوە لە 20 ملیار دۆلار."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا فیدان گوتی: "گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیدارەی نوێ لە سووریا دەدەین، هەروەها باسمان لەوە کرد سووریا دەبێت چی بکات تاوەکوو زیان بە پێگەی عێراق نەکەوێت."

ڕاشیگەیاند "هیوادارین پەیوەندییەکانی دیمەشق و بەغدا باش بێت، ئێمەش چیمان لەدەست بێت بۆ ئەو بابەتە دەیکەین."

سەردانەکەی ئەمڕۆی هاکان فیدان بۆ عێراق، لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمییە و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدا و پرسە هەرێمییەکان تاوتوێ دەکرێت.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی تورکیا، لەم سەردانەدا هاکان فیدان بە جیا لەگەڵ هەر یەک لە لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ دەبێتەوە.

هەروەها جەخت لە جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکرێتەوە، کە لە میانەی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە 22ی نیسانی 2024 لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئیمزایان کردووە، لە نێویاندا پرسی ئاسایشی سنوورەکان و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانە.