وەزیری دەرەوەی عێراق: لەبارەی دۆخی ناوچەکە و تیرۆر چەندان کۆبوونەوە لەگەڵ تورکیا دەکەین

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە داهاتوودا چەندان کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دەکەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
یەکشەممە، 26-01-2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ ڕایگەیاند "پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی تورکیا و عێراق باشن و لە کۆبوونەوەکەماندا باسمان لە چۆنییەتی پەرەپێدانیان کرد دوای سەردانەکەی سەرۆک ئەردۆغان بۆ بەغدا."
وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە، لە زۆر بواری بەرفراواندا دەتوانن کاری هاوبەش لەگەڵ تورکیا بکەن، بە تایبەت بواری بازرگانی و سیاسی. باسی لەوەش کرد "پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا مێژوویی و ستراتیژییە."
فوئاد حوسێن باسی لەوەش کرد، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسیان دوایین پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە و بوونی تیرۆریستانی داعش لەسەر سنوور کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوودا چەندان کۆبوونەوە لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا لەبارەی پرسە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکرێن.
پێشنیوەڕۆی یەکشەممە، 26-01-2025، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و بڕیارە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، بە جیا لەگەڵ عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆ ببێتەوە.
سەردانەکەی فیدان بۆ عێراق، لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمییە و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – بەغدا و پرسە هەرێمییەکان تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسانی عێراقە.