حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەتەک جیهاندا هەنگاوی پێویستی بۆ وزەی پاک ناوە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی وزەی پاکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەدەستهێنانی وزەی پاک و دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست هەنگاوی پێویستی ناوە.
ساڵی 2023، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەگرتووەکان 26ـی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانی وزەی پاک دیاریکرد.
ئامانجی دیاریکردنی ئەو ڕۆژە بۆ هۆشیارکردنەوەی تەواوی جیهانە بۆ ئەوەی لە دەردانی گازە زیانبەخشەکان دوور کەونەوە بەمەبەستی پاراستنی ژینگە و گۆی زەوی، هەنگاو بەرەو وزەی پاک بنێن، بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کار و پرۆژەی گرنگی ئەنجام داوە.
ساڵی 2024، لە تەواوی جیهان زیاتر لە 40 ملیار تۆن گازی دوانەئۆکسیدی فڕێدراوەتە بەرگە هەوای زەوی، دەردانی گازە زیانبەخشەکانیش یەکێکە لە هۆکارەکانی گەرمبوونی گۆی زەوی، بەجۆرێک ئێستا گۆی زەوی بەڕێژەی 1.3 پلەی سیلیزی گەرم بووە.
لە ساڵی 2023، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان 26ـی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێکی بۆ ڕۆژی جیهانی وزەی پاک دیاریکرد، دروشمی ئەمساڵ بریتییە لە(وزەی پاک بۆ خەڵک و هەسارەی زەوی)، ئامانجی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیاریکردنی ئەو ڕۆژە ئەوەیە، تەواوی جیهان هانبدات بەوەی لەدەردانی گازە زیانبەخشەکان دوور بکەونەوە، هەنگاو بەرەو وزەی پاک و نوێبووەوە بنێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجییەتی زانیاریی و هۆشیاریی تەواو لەسەر سوود و کاریگەرییەکانی وزەی پاک بخاتە ڕوو، لەسەرووی هەمووشیانەوە هەنگاونان بەرەو وزەی پاک، بۆ پاراستنی ژینگە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام ڕێکاری توند و پێویستی بۆ پاراستنی ژینگە و هەنگاونان بەرەو وزەی پاک گرتووەتە بەر، لەم چوارچێوەیەشدا لەماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا چەندین کاری گرنگی کردوون، لەوانەش، قەدەغەکردنی زیاتر لە 150 ملیۆن پێ سێجا لە گازی زیانبەخش، هەروەها تەرخانکردنی 100 ملیۆن دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنییە باوەکان و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی بۆ زیاتر لە سەدا 20، هاوکات دروستکردنی کارگەی ڕیسایکلینی قیر بەجۆرێک کارگەکە لە توانایدایە ڕۆژانە 2 هەزار تۆن قیر ڕیسایکلین بکات.