سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا کۆبووەوە، بەڵام ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە.

یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاژانسی فەرمیی تورکیا، بڵاوی کردەوە، شاندێکی باڵای وڵاتەکە بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، لە دیمەشقە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەنجام داوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە، کاڵن لەگەڵ هەریەکە لە ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و ئەنەس خەتاب، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سووریا کۆبووەتەوە. 

هیچ زانیارییەکیش لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکان ڕانەگەیەندراوە. ئەمەش بە یەکەم سەردانی فەرمیی ئیبراهیم کاڵن هەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا دوای ڕووخانی رژێمی سووریا سەردانی دیمەشقی کردبوو، دوای نوێژکردن لە مزگەوتی ئەمەوی لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە کۆڵانەکانی ئەو شارە پیاسەیان کردبوو.