پەرلەمانتارێک پێشنیازی پاداشتکردنی دەنگدەران دەداتە لێژنەی یاسایی

سەرۆکی لێژنەی یاسایی: بەگوێرەی دەستوور وەڵامی دەدەینەوە

پەرلەمانی عێراق تاوتوێی پێشنیازە یاسایەک لەژێر ناوی هاندانی هەڵبژاردن، دەکات کە بەپێی ئەو یاسایە دەنگدەران سوودمەندی دارایی و مەعنەوی دەبن، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە کەمی ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2025دا بکرێت.

پێگەی عەرەبی جەدید، بڵاوی کردەوە، عامر عەبدولجەبار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە "پێشنیازە یاساکە بە ئیمزای 10 پەرلەمانتار پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمان کراوە، ئەویش پەسەندی کرد و ڕەوانەی لیژنەی یاسایی کرد." لە یاسا پێشنیازکراوەکەدا هاتووە "ئەو کارمەندە مەدەنی و سەربازییانەی بەشداری دەنگدان دەکەن، سوپاسنامەیان پێ دەدرێت، لەگەڵ خزمەتی زیادەی شەش مانگ، سەبارەت بەو هاووڵاتیانەی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و دەنگ دەدەن، لە دامەزراندن لەکەرتی حکوومەت، ئەولەویەتیان پێ دەدرێت."

هەروەها لە پێشنیازەکەدا هاتووە "هەر دەنگدەرێک کە لەکەرتی تایبەت کاردەکات یان باج دەیگرێتەوە، ئەوە لێخۆشبوونی باجی تا یەک ملیۆن دیناری عێراقی بۆ دەکرێت، سەبارەت بەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەربگرن، ئەولەویەتیان پێ دەدرێت لە تەواوکردنی مامەڵە فەرمییەکانیان لە وەزارەتی کاری عێراق."

بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، کۆمسیۆن لیستی ئەلیکترۆنی هەموو ئەو دەنگدەرانە ئامادە دەکات کە بەشداریی دەنگدان دەکەن، کۆپیەکیان دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دڵنیابوون و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی هاندانەکان لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە، و کۆپییەکی دیکەش بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دڵنیابوون لە بەدواداچوون و چاودێریکردن، دەنێردرێت.

عامر عەبدولجەبار، باسی لەوەش کردووە "یاساکە بەهۆی دابەزینی ڕێژەی بەشداریی بووە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا بووە." گوتیشی: ڕێژەی بەشداریی بۆ 20% یان کەمتر دابەزیبوو.

ئاماژەی بەوەش دا "دەرکردنی یاساکە ڕێژەی بەشداریی بۆ زیاتر لە 60 - 70% مسۆگەر دەکات، بۆیە داوای پشتیوانیی لە یاساکە دەکات."

ڕێبوار هادی، سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەو پێشنیازەی لەلایەن پەرلەمانتار عامر عەبدولجەبار نێدراوەتە پەرلەمان، ئێمە وەکو لێژنەی یاسایی بەگوێرەی دەستوور وەڵامی دەدەینەوە."

گوتیشی: "هەڵبژاردن مافی هاووڵاتیانە نەک ئەرک، تاوەکوو ناجار بکرێن بە بەشداریکردن لە دەنگدان."

هێزە سیاسییە گەورەکان، وەک چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە هەڵوێستی ڕوونیان لەسەر ئەو پێشنیازە ڕانەگەیاندووە، بەڵام پشتیوانیی لێ دەکەن و دەنگی پێ دەدەن، هەروەها ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات ئەو قسەیەی بۆ پێگەی 'عەرەبی جەدید' پشتڕاست کردەوە. 

چالاکوانانی مەدەنی ئەو پێشنیازە بە فێڵ و ئیستغلالکردن بۆ فشارخستنە سەر هاووڵاتیان بۆ دڵنیابوون لە بەشداریی دەنگدان دەزانن.

 چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانی عێراق بەناوی عەلی ئەلمەیاحی دەڵێت: "پێشنیازەکە قازانجێکی دارایی گەورە لەخۆ دەگرێت، لە ڕێگەی ئیمتیازاتی لێخۆشبوونی باج و دامەزراندن لە کەرتی حکوومەت، هەموو ئەمانەش دەکەونە چوارچێوەی فیڕۆدانی پارەی گشتی بۆ ناچارکردنی هاووڵاتیان بۆ دەنگدان."

جەختیشی کردەوە "بەشداریینەکردن لە هەڵبژاردنەکان مافێکی یاساییە بۆ هاووڵاتی، هەروەها ناچارکردن و پێدانی ئیمتیاز بە بەشداربووان و بێبەشکردنی بەشدارنەبووان، ساختەکارییەکی یاسایی قبووڵ نەکراوە."

لە ساڵی 2021دا، ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، کە بە گوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ڕێژەی بەشداریی نزیکەی 41% بوو، بەڵام سیاسییەکان گومانیان وابوو ڕێژەکە زۆر لەوە کەمتر بووە.