هۆڵەندا.. دز مۆزەخانەیەک تاڵان دەکەن

یەکێک لە بازنە دزراوەکان
یەکێک لە بازنە دزراوەکان

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، لە موزەخانەی درێنتیس لە شاری ئەسسن لە هۆڵەندا، دز چەندان پارچەی دێرینی گرانبەهایان دزی. 

دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، ماڵپەڕی سی ئێن ئێن لە زاری گوتەبێژی پۆلیسی هۆڵەندا، ڕایگەیاند "دزەکان سێ بازنی زێڕین کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی پەنجای پێش زایین و تاسکڵاوی زێڕینی کۆتۆفینیستی، کە تەمەنی زیاتر لە 2500 ساڵە دزی. تاسکڵاوەکە، بەهایەکی مێژوویی زۆر گرنگی هەیە و لە مۆزەخانەی میژوویی نیشتمانیی ڕۆمانیاوە لە بۆخارست، بۆ ماوەیەک هێنراوەتە مۆزەخانەی ئەسسن."

دیمەنی کامیراکانی چاودێریی ناو مۆزەخانەکە نیشانی دەدەن، دزەکان دەرگەی دەرەوەی مۆزەخانەکە دەتەقێننەوە و دەچنە ناو مۆزەخانەکەوە و پێش ئەوەی پۆلیس بگاتە سەریان، دزییەکە دەکەن و بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێن.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، هاری توپان، بەڕێوەبەری گشتیی مۆزەخانەی درێنتس، ڕووداوەکەی بە کارەساتێکی گەورە  بۆ مۆزەخانەی درێنتس و مۆزەخانەی نیشتمانیی ڕۆمانیا لە قەڵەم دا.

ئەو هەروەها گوتی: ئەو ڕووداوە بە توندی هەژاندمانی و بەرانبەر بە هاوکارانمان لە ڕۆمانیا خەمبارین، چونکە لە ماوەی 170 ساڵەی هاوکاریماندا ئەمە یەکەم جارە شتی وا ڕوو دەدات.

                                                                                             تاسکڵاوی کۆتۆفینیستی