ژمارەیەک مین و تەقەمەنی دۆزرانەوە

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لەدوو شوێنی جیاواز ژمارەیەک مین و تەقەمەنی نوێ دۆزرانەوە.
دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، عەلی عبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "سێ مانگە تیمەکانی ئێمە خەریکی هەڵکۆڵین و پشکنینن لە هەردوو چیای گۆڕەز و بێخاڵ، کە سێ کێڵگەی مین و تەقەمەنییە، ئەمڕۆ 60 پارچەی مین و چوار پاشماوەی تەقەمەنی جەنگیی دۆزرانەوە و شوێنەکە پاک کرایەوە، هەردوو ناوچەکە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییانەوە نزیکە و ناوچەکە گونجاوە بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتی هاوڵاتییان".
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین، جگە لەو سێ کێڵگەیە، دوای کنە و پشکنین بۆیان دەرکەوتووە، دوو کێڵگەی دیکە لە چیای گۆڕەز و یەکی دیکە لە چیای بێخاڵ هەیە.
عەلی عبدولرەحمان، باسی لەوەش کرد، هەردوو چیای بێخاڵ و گۆڕەز، مەترسی زۆری بۆ ژیانی هاوڵاتییان دروست کردبوو، ساڵانی ڕابردوو، چەندین هاووڵاتی بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی، هەر ساڵی ڕابردوو، لە 6-1-2024، بەهۆی بەرکەوتنی مین بە هاوڵاتییەک لە چیای بێخاڵ، بوو بە خاون پێداویستی تایبەت.
بەگوێرەی ئاماری دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە هەرێمی کوردستان، ٪72 زەوی لە مین و تەقەمەنی پاک کراوەتەوە و تەنیا ٪28ـی ماوە پاك بكرێتهوه.