هاوپەیمانییەکەی سوودانی بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کرد
بەهۆی بەردەوامبوونی پێشێلکارییەکان و هەڵمەتی ناوزڕاندن، هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی سوودانی لە پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بەشداریی دانیشتنەکانی پەرلەمان هەڵپەسێرێت، تاوەکو ئەو کاتەی رێکارە یاساییەکان بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێنە بەر.
ئەمرۆ دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاوپەیمانییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو پێشێلکارییە سیستەماتیک و رەفتارە نابەرپرسانەیە دەکات کە لەلایەن هەندێک لە پەرلەمانتارانەوە پەیڕەو دەکرێن و ئامانجیان ناوزڕاندنی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرکردایەتییەکەیەتی.
بەگویرەی راگەیەندراوەکەی هاوپەیمانییەکە، پێشتر یاداشتێکی فەرمییان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی پەرلەمانتاری پەیوەندیدار رەوانەی لێژنەی رەوشتی پەرلەمان بکرێت، بەڵام نەبوونی رێکارێکی کردەیی بووەتە هۆی ئەوەی لایەنی بەرامبەر لەو رەفتارانە بەردەوام بێت.
لە راگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان جەختی کردووەتەوە، هەڵپەساردنی بەشدارییەکەیان تاوەکو جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆ و پاراستنی شکۆی کاری پەرلەمانی بەردەوام دەبێت، هاوکات داوای کردووە تواناکانی پەرلەمان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە گەورەکانی وڵات تەرخان بکرێن، لەبری سەرقاڵبوون بەو ململانێیانەی کە هەڕەشە لە سەقامگیریی سیاسی دەکەن.