فوئاد حوسێن "بە ئێرانمان گوتووە پەیوەندی ئێمە و ئەمەریکا پێویستە"

وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند: ئیدارەی نوێی ئەمەریکا هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق.

دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاته‌كه‌ی، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئیدارەی نوێی ئەمەریکا هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق. هه‌روه‌ها لەبارەی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران، ئاماژەی بەوە کرد،" عێراق و ئێران یەک پاکێج نین، ڕاستە دوو دراوسێی نزیکین و چەندین پەیوەندیی بازرگانی، فەرەهەنگی، مێژوویی و کۆمەڵایەتییمان بەیه‌کەوە هەیە، بەڵام دوو دەوڵەتی جیاوازین".

فوئاد حوسێن، ڕاشیگەیاند: پێشووتر هەوڵمان داوە، ڕۆڵمان هەبێت لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، چونکە کاتێک ئاڵۆزی لە نێوان ئێران و ئەمەریکا هەبێت، کاریگەری خراپی لەسەر عێراق دروست دەکات، بە پێچەوانەش دانوستان و پەیوندی باشی هەردوو لا، کاریگەری باشی بۆ عێراق دەبێت، تەنانەت لەناوخۆی عێراق ئالۆزی کەمتر دەبێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەشکرد، بە ڕاشکاوی بە ئێرانمان گوتووە، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا بۆ عێراق و  ئەمەریکا پێویستە.