رێزلێنانی ماهیر ئەمین لە مامۆستایەک کە میراتی باوکی بەخشیە پەروەردە

ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، بۆ رێزگرتن لە مامۆستا جیهان فەتاح رواندزی، کە پارەی میراتی باوکی بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەک تەرخان کردووە، ئاهەنگێکی تایبەت پێشکەش دەکات.

ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، "خۆم داوای ئەو ئاهەنگەم کردووە، تاوەکو بە زمانی هونەر و گۆرانی سوپاسی ئەو ئافرەتە بکەم، میراتی باوکی کردووەتە خزمەتێک بۆ پەروەردە و نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگە."

یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "مامۆستا جیهان فەتاح رواندزی، دروستکردنی قوتابخانەی فەتاح حاجی محەمەد رواندزی بە تێچووی 25 دەفتەر بنیات ناوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەویەکەی بۆ دابین کردووە. مامۆستا جیهان بە پارەی میراتی باوکی ئەو قوتابخانەیەی دروست کردووە، بۆیە شایەنی ئەوەیە هەموومان رێزی لێ بگرین و ئەو کارەی بەرز بنرخێنین."

ماهیر ئەمین لەبارەی هۆکاری ئەنجامدانی ئەو ئاهەنگەوە گوتی، "بەخشین یەکێکە لە جوانترین ئاکارەکانی مرۆڤ، بەڵام بەهای راستەقینەی بەخشین لە شوێن و کات و نییەت و بارودۆخی بەخشەرەکەدایە. دەستخۆشی لە هەموو دەوڵەمەندێک دەکەم کە کاری خێرخوازیی دەکەن، بەڵام ئەوەی جێی رێز و پێزانینی تایبەتە، ئەوەیە مرۆڤێک لەبری ئەوەی پارەکەی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خۆی و کەسوکاری بەکاربهێنێت، پارەی میراتی باوکی بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەک تەرخان دەکات."

سەبارەت بە خزمەتە پەروەردەییەکەی مامۆستا جیهان فەتاح رواندزی، ماهیر ئەمین دەڵێت، "ئەو کارەی مامۆستا جیهان ئەنجامیداوە، شایەنی ملیۆنان رێز و پێزانین و بەرزڕاگرتنە، چونکە دروستکردنی قوتابخانە و خزمەتکردنی پەروەردە، خزمەتێکە سوودی بۆ کۆمەڵگە و نەوەکانی داهاتوو دەگەڕێتەوە."

ماهیر ئەمین پێی وایە، تەرخانکردنی میراتی باوک بۆ دروستکردنی قوتابخانە، نموونەیەکی بەرزی خزمەتکردنی کۆمەڵگەیە، چونکە ئەو بەخشینە تەنیا کاریگەری لەسەر ئێستای کۆمەڵگە نییە، بەڵکو رۆڵێکی گرنگ لە دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ فێربوون و پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتووش دەگێڕێت."

ماهیر ئەمین بەو دەستپێشخەرییە هونەرییە دەیەوێت پەیامی ئەوە بگەیەنێت کە خزمەتکردنی کۆمەڵگە و پەروەردە شایەنی رێزگرتنە و هونەر دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو کەسانەی بەخشین و خزمەتکردنی خەڵکیان کردووەتە بەشێک لە ژیانیان."

ئەو ئاهەنگە تایبەتە بۆ رێزگرتن لە مامۆستا جیهان فەتاح رواندزی، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، لە قوتابخانەی فەتاح حاجی محەمەد لە رواندز بەڕێوەبچێت.