کۆرۆنا خاوەنی ئەو کۆمپانیایەی پەبجی بەرهەمهێناوە دەکاتە دەوڵەمەنترین کەسی چین
سامانەکەی بۆ 50 ملیار دۆلار بەرزبووەوە
K24 - هەولێر
بەهۆی کۆرۆنا لە چین گۆڕانكارییەكی گەورە لە لیستی دەوڵەمەندانی ئەو وڵاتە روویدا و، سامانی دامەزرێنەری كۆمپانیای "تێنسێنت ھۆڵدینگز"ـی تایبەت بە یارییە كۆمپیوتەرەكانی چین کە یاریی پەبجیشی بەرهەمهێناوە، بۆ 50 ملیار دۆلار بەرزبووەوە.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیھان، ھەرچەندە زیانی زۆری بە ئابووری و سێكتەرە جیاوازەكان گەیاندووە، بەڵام وادیارە بۆ ھەندێك كۆمپانیا و دامەزراوە، سوودی بەرچاوی ھەبووە و بە پێچەوانەوە قازانجیان كردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی بلومبێرگ، دوای ئەوەی سامانی پۆنی ما، دامەزرێنەری كۆمپانیای تێنسێنت ھۆڵدینگزی تایبەت بە یارییە كۆمپیوتەرەكانی چین كە لە دیارترین یارییەكانی یاری پەبجییە بۆ 50 ملیار دۆلار بەرزبووەوە، دەستبەجێ لیستی دەوڵەمەندانی چین، گۆڕانكارییەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەھای بە بازاڕكردنی كۆمپانیای تێنسێنت ھۆڵدینگز ھەفتەی رابردوو بۆ 43 ملیار دۆلار بەرزبووەوە و بووە ھۆكار تاوهكو لیستەكە بگۆڕێت.
پۆنی ما، ئێستا دەوڵەمەندترین كەسی چینە، بەو جۆرەش پێش جاك ما، دامەزرێنەری بازاڕی ئەلیکترۆنیی عەلی بابا دەكەوێتهوه، كە سامانەكەی 48 ملیار دۆلارە و ئێستا بووەتە دووەم دەوڵەمەندی چین.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی بلومبێرگ، تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بووە ھۆكاری ئەوەی ئاڕاستەكان بەرەو تەكنەلۆژیای ژمارەیی لە شوێنی كاركردن بگۆڕدرێن و، تەنانەت شێواز و مامەڵەی بەكاربەر لە سەردەمی كۆرۆنادا وەك پێشتر نەبێت، ھەر ئەوەش وایكردووە نرخی پشكەكانی ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیاكانی تەكنەلۆژیا و خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت روو لە بەرزبوونەوە بكەن، بەو شێوەیەش سەركردەكانی تەكنەلۆژیا توانیویانە دەست بەسەر لیستی دەوڵەمەندانی چین و تەنانەت جیھانیشدا بگرن.
هـ.ر.