ترەمپ: مایکرۆسۆفت لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینی تیک تۆک

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مایکرۆسۆفت لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینی تیک تۆک، ئاماژەی بەوەش کرد، پێی خۆشە شەڕی داواکاری بۆ ئەپەکە ببینێت.

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: کۆمپانیای مایکرۆسۆفت یەکێکە لەو کۆمپانیا ئەمەریکییانەی کە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەپڵیکەیشنی تیک تۆکی چینی دەدات.

دەشڵێت: کۆمپانیاکانی دیکە ئارەزووی کڕینی تیک تۆکیان دەربڕیوە، بەڵام لیستی ناوەکانیان نەخستووەتەڕوو.

ترەمپ لەکاتی گەڕانەوەی لە میامیەوە بۆ واشنتن، گوتی: "من حەزم لە زیادکردنە، چونکە باشترین گرێبەستەکانت دەست دەکەوێت".

ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو لە گفتوگۆدایە لەگەڵ چەند لایەنێک سەبارەت بە گرێبەستی کڕینی تیک تۆک.

هەروەها ئەپەکە نزیکەی 170 ملیۆن بەکارهێنەری ئەمەریکی هەیە.