عێراق و میسر پەیوەندییەکانیان بەهێزتر دەکەن

وێنە، ئەرشیف، سەردانی سوودانی بۆ میسر، لە ساڵی 2024
وێنە، ئەرشیف، سەردانی سوودانی بۆ میسر، لە ساڵی 2024

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2025، مستەفا مەدبولی، سەرۆک وەزیرانی میسر بە سەردانێکی فەرمی بگاتە عێراق.

سەرچاوەیەکی حکوومەتی عێراق بە میدیای ناوخۆی گوت: مستەفا مەدبولی، لەسەردانە فەرمییەکەیدا چاوی بە ژمارەیەک بەرپرسانی حکوومەتی عێراق دەکەوێت.

گوتیشی: لە میانی سەردانەکەیدا، کۆمەڵێک ڕێککەوتنی دووقۆڵی لە نێوان هەردوو وڵات ئیمزا دەکرێت.

لە کۆتایی مانگی ئابی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی چووە میسر.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "ئەلشەرق"، میسر ئامانجی ئەوەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بەڕێژەی نزیکەی 41% بۆ یەک ملیار دۆلار لە ماوەی ساڵی 2025 زیاد بکات، لە کاتێکدا ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان 707 ملیۆن دۆلارە.

 دوینی دووشەممە، کۆبوونەوەی خولی سێیەمی لێژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسر، لەسەر ئاستی شارەزایانی هەردوو وڵات لە بەغدا دەستی پێ کرد.

پێشبینی دەکرێت لە میانی کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوولا، 11 یاداشتی لێکگەیشتنی نوێ ئیمزا بکرێت.

یاداشتەکانی لێکگەیشتن بریتین لە: گواستنەوەی هاووڵاتیان و کەلوپەل بە ڕێگەی وشکانی، ستانداردکردن و کۆنترۆڵی جۆری، هاوکاریی لە بواری کەلوپەلی شوێنەوار و مۆزەخانە، هەروەها پەیوەندییەکا و دروستکردنی سایلۆ.

جگە لەوانەش، بەرزکردنەوەی هاوکاریی و ئاڵوگۆڕیی ئەزموونەکان، لە کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی، کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، پێشخستنی گەشەپێدان بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات لە یاداشتەکانی لێکگەیشتن دەبن.

 بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە ژووری بازرگانی میسر، 50 بازرگانی میسری یاوەری مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیران دەکەن بۆ عێراق.