گۆرانیبێژێکی ئەمەریکی دوای بەکارهێنانی دەرزیی دابەزاندنی کێش، تووشی نەخۆشییەک بووە
ئێڤری سێنگیێر، هونەرمەندی گۆرانیبێژی ئەمەریکی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، ڕایگەیاند، تووشی سەرسوڕمان بووە، دوای ئەوەی زانیویەتی کە بەهۆی بەکارهێنانی دەرزییەکی دابەزاندنی کێش، تووشی نەخۆشی پووکانەوەی ئێسک بووە.
ئەو گۆرانیبێژە ئەمەریکییە تەمەن 30 ساڵییە، باسی لەوەش کردووە، دەرزییەکە ناوی "Ozempic"ـە، بۆ ماوەی ساڵێک بەکاری هێناوە تاوەکوو کێشێکی ڕێک و جوانی هەبێت، بەڵام وەکوو خۆی ئاماژەی پێ داوە، بەکارهێنانی بەردەوامیی دەرزییەکە، تووشی ئەو نەخۆشییەی کردووە.
دەرزییەکە، ئێستە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئەمەریکا و بەشێکی وڵاتانی دیکە بە مەبەستی دابەزاندنی کێش و کەمخواردن بەکار دەهێنرێت. بە گوێرەی دوایین توێژینەوەش، لە ماوەی چەند مانگێکدا 20 کیلۆ لە کێشی گشتیی مرۆڤ دادەبەزێنێت.
ئێڤری، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، نزیکەی 250 هەزار فۆڵۆوەری هەیە، لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا داوای لە هەوادارانی کرد، هەمان هەڵەی ئەو دووبارە نەکەنەوە و هەندێک دەرمان کە پێویست نین و زیان بە تەندروستی دەگەیەنن، بەکار نەهێنن.