وەزارەتی کارەبا هاووڵاتییان هان دەدات سوود لە وزەی خۆر وەربگرن

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هانی هاووڵاتییان دەدەین، سوود لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا وەربگرن. هاوکات ڕاشیگەیاند، وەزارەتی کارەبا لەو بارەیەوە کارئاسانی تەواو بۆ هاووڵاتییان دەکات.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سێشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتی: هەر هاووڵاتییەک کە لە وزەی خۆر کارەبا بەرهەم بهێنێت و   بە تۆڕی کارەبای نیشتیمانی ببەستێتەوە، وەزارەتی کارەبا زیادەی  کارەباکەی بۆ هەژمار دەکات و لێی وەردەگرێتەوە.

گوتیشی: لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان 25میگاوات بەرهەمی کارەبای وزەی خۆرمان هەیە، لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی، بە تۆڕی کارەبای نیشتیمانییەوە بەستراوەتەوە.

ئۆمید ئەحمەد، ئاماژەی دا "بەشێک لە بەڕێوەبەراتییەکان دەستیان کردووە بە دابینکردن و بەکارهێنانی وزەی خۆر، بەڵام لە وەزارەتی کارەبا تۆمار نەکراون." گوتیشی: هەر ماڵێک زیادەی کارەبای وزەی خۆر تێکەڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتیمانی بکاتەوە، ئەوا لە کاتی بەکارهێنانی کارەبای نیشتیمانی داشکانی بۆ دەکرێت و تەنیا جیاوازی زیادەی تێچووی بەکارهێنانی کارەبای لێ وەردەگیرێت. 

لە 18ـی ئایاری 2023، بەردی بناغەی گەورەترین وێستگەی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی نوێبووەوە دانرا، کە بە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەندرێت.

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، کارەبای پێویست بە سیستمی وزەی خۆر بۆ 60 قوتابخانە دابین کراوە و پلان هەیە بۆ ئەوەی سیستەمەکە بۆ 72 قوتابخانەی دیکەش دابین بکرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment