ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: میلیشیاکانی عێراق چەک و پارە بۆ حزبوڵلای لوبنانی دەنێرن
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەدات، میلیشیاکانی عێراق لە هاوکاریکردنی حزبوڵلای لوبنانی بەردەوامن و چەک و پارەیان بۆ دەنێرن.
ڕۆژنامەی "جورزەلم پۆست"ـی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق هاوکاریی ڕاستەوخۆی حزبوڵلای لوبنانی دەکەن لە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل.
ئەو ڕۆژنامە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەش داوە، ئێران ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ حزبوڵڵا هەیە و هاوکاری دەکات، بەڵام بەم دواییانەش ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقیش دەستیان کردووە بە ناردنی هاوکاری سەربازی و دارایی بۆ حزبوڵلای لوبنانی، قسەکانی نەعیم قاسم ئەمینداری حزبوڵڵاش گەواهی ئەم ڕاستییە دەدەن.