ئاوارەیەکی حەسەن شام: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تەواوی هاوکارییەکانی بڕیوین

چوارشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2025، مانگی سووری ئیماراتی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی، سەبەتەی خۆراک بەسەر ئاوارەکانی هەرسێ کەمپەکەی حەسەن شام دابەش دەکات.

ئاوارەکانی حەسەن شام، بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەڕن بەهۆی ئەوەی حکوومەتی عێراق تەواوی هاوکارییەکانی لەسەر ئاوارەکان بڕیوە، ئەوەی ئێستە هاوکاریی ئەم کەمپانە دەکات، تەنیا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەشێک لە ڕێکخراوەکانە.

ئاوارەیەکی ئەو کەمپە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سووری ئیماراتی دەکەین، بۆ ئەو هاوکارییانە پێشکەشیان کردووین، گوتیشی: "دۆخی ئەو هاووڵاتییانەی لە ژێر جادرەکاندا دەژین خراپە"، هەروەها  وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاوکارییمان ناکات، بەم سەرمایە نەوت و گازمان بۆ نانێرێت، نازانین چۆن ژیان بەڕێ بکەین.

دەشڵێت: "ئێستە نزیکەی 800 بۆ 900 چادر لەو کەمپەدا هەیە، بەڵام نەوتما وەرنەگرتووە. تا ئێستە بەشێکمان لەو سەرمایەدا دەژین، لە جێگەی بەکارهێنانی سۆپا بەتانی بۆ گەرمکردنەوە بەکاردەهێنین، هاوکارییەکانی عێراق ڕاگیراوە لە ڕووی تەندروستیشەوە هاوکارییەکانمان کەمکراوەتەوە و دۆخێکی زۆر خراپمان هەیە."

ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆرینەی ئاوارەکانی ئێرە کێشەی کۆمەڵایەتییان هەیە و ناتوانن بگەڕێنەوە، کێشەی ئەمنیش یەکێکە لەو هۆیانەی کە ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە."

ئەو هاوڵاتییە دەشڵێت: ک"وردستان بۆ ئێمە وەکو وڵاتێک وایە دەمانپارێزێت، پەرلەمان و سەرۆک و سەرۆکی حکوومەتی هەیە، لێرە لە خۆمان دڵنیاین، بەڵام لە عێراق دڵنیا نین و کەس بە کەس نییە، لەبەر ئەوەی هۆزەکان، گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکان زاڵن بەسەر حکوومەتدا، بۆیە نامانەوێت بگەڕێینەوە.

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment