نوێنەری ترەمپ دەچێتە غەززە
نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتە تەلئەڤیڤ و بە یاوەری بەرپرسانی ئیسرائیل دەچێتە غەززەش.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-01-2025، ستیڤ ویتکۆڤ، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە ئیسرائیل.
بڕیارە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل؛ نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی کەرتی غەززە بکات.
ئامانج لە سەردانەکەی نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کەرتی غەززە، بەدوادچوونی مەیدانییە بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستی شەڕ کە لە 21ی ئەم مانگەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەر لەسەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل، ویتکۆڤ بانگهێشتنامەی کۆشکی سپی بە فەرمی بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەدات.
ڕۆژی چوارشەممە، 15-01-2025، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوەکان ڕێککەوتن.
لە چوارچێوەی ئاگربەستەکە، ڕۆژی دووشەممە، 27-01-2025، دەیان هەزار هاووڵاتی کە پێشتر بە هۆی شەڕەوە ئاوارەی ناوەڕاست و باشووری غەززە بوون، گەڕانەوە باکووری کەرتەکە.