فوئاد حوسێن: هەر هەوڵێک بە ئامانجی ڕاگواستنی گەلی فەڵەستین ڕەت دەکەینەوە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ هاوتا فەڵەستینییەکەی ڕاگەیاند: هەر هەوڵێک بە ئامانجی ڕاگواستن و ئاوارەکردنی گەلی فەڵەستین ڕەت دەکەینەوە و لە پشتیوانیکردنی وڵاتەکەش بەردەوام دەبین.

چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و  محەممەد مستەفا، وەزیری دەرەوەی فەڵەستین بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، "فوئاد حوسێن، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لە پشتیوانیی دۆزی فەڵەستین کردووەتەوە، هەروەها هەر هەوڵێک بە ئامانجی ڕاگواستن و ئاوارەکردنی گەلی فەڵەستین ڕەت دەکاتەوە."

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: پاڵپشتیی مافەکانی گەلی فەڵەستین لە کارنامەی کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبی دەبێت کە ئەمساڵ لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەڵەستین، پیزانینی خۆی بۆ هەڵوێست و پاڵپشتییەکانی عێراق بۆ گەلی فەڵەستین دەربڕی و ستایشی پەیوەندیی برایانەی نێوان هەردوو وڵاتی کرد، هاوکات، جەختی لە گرنگی بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە.