شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ پرسی مووچە و هەمواری بودجە دەچێتە بەغدا
شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی عێراق کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-01-2025، شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا.
کوردستان24 زانیویەتی، شاندەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی سبەینێ هەینی، 31-01-2025، لە ماڵی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی فیدراڵی کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە و چارەکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو، چوارشەممە، 29-01-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە بوو لە پەرلەماندا.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا لێکگەشتنێکی گشتی پەسەند کراوە بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە، بە تایبەت ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان."