ئەمەریکا.. لە هەر 34 چرکەیەکدا کەسێک بەهۆی نەخۆشیەکانی دڵەوە دەمرێت

ڕاپۆرتێکی نوێی پزیشکی بڵاو بووەتەوە و تێێدا هاتووە، لە هەر 34 چرکەدا کەسێک بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە لە ئەمەریکا دەمرێت، زۆرجاریش ئەم حاڵەتە بە هۆی سەرەکی مردن لەو وڵاتەدا دادەنرێت.
دکتۆر کیس چەرچویڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمەریکا بە پێگەی 'ساینس ئەلێرت'ـی گوت، "ئەم ئامارانە بۆ من جێگەی نیگەرانییە، پێویستە هەموومان نیگەران بین، چونکە زۆرێک لەوانەی لەدەستیان دەدەین، هاوڕێ و خۆشەویستەکانمانن."
بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشک، تەنیا لە ساڵی 2022دا لە ئەمەریکا 941 هەزار و 652 کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە گیانیان سپاردووە.
چەرچویڵ گوتیشی: زۆرترین کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشکەوە دەمرن، کە تا ئێستا پێنجەم هۆی سەرەکیی مردنە لەو وڵاتە. مردن بە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک، لە شێرپەنجە و ڕووداوەکانی دیکە زیاترە.
ڕاشیگەیاند، مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ بەردەوامن، وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، شەکرە و قەڵەوی.
باسی لەوەش کرد، ڕەنگە تاوەکوو ساڵی 2050، پەستانی خوێن و قەڵەوی کاریگەریی لەسەر زیاتر لە 180 ملیۆن کەس لە ئەمەریکا هەبێت.