مێنێندێزی سیناتۆری پێشوو بە 11 ساڵ زیندانیی سزادرا

ڕۆبەرت مێنێندێز
ڕۆبەرت مێنێندێز

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، دادگای ئەمریکا سزای 11 ساڵ زیندانی بەسەر ڕۆبەرت مێنێندێز سیناتۆری پێشووی دیموکراتەکاندا سەپاند، دوای دۆزینەوەی چەقۆی زێڕ و سەدان هەزار دۆلاری کاش لە ماڵەکەیدا.

مێنێندێزی تەمەن 71 ساڵ، خەڵکی ویلایەتی نیوجرسی ئەمەریکایە، تۆمەتبارە بە ڕێگریکردن لە دادپەروەری، هەروەها وەرگرتنی بەرتیل بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو بازرگانانەی پەیوەندییان بە میسر و قەتەرەوە هەیە.

 مێنێندێز لە مانگی ئابدا دەستی لە ئەنجومەنی پیران کێشایەوە و ڕایگەیاند: جارێکی دیکە وەک "سەربەخۆ" خۆی کاندید ناکاتەوە. بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، سیدنی شتاین دادوەری فیدراڵی نیویۆرک گوتی: "لە ژیانی پیشەیی خۆتدا... ڕێگاکەت ونکرد".

لەگەڵ ئەوەی مێنێندێزی بە 11 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، دادوەر پێی گوت: پێشتر کەسایەتییەکی پەرلەمانیی گرنگ بووی لە باڵی ڕاستڕەوی دیموکراتەکان و سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بوویت لە ئەنجوومەنی پیران، کارکردنت لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی گۆڕی بە کارکردن لەپێناو بەرژەوەندیی کەسیی خۆت.

لە 16ـی تەمووزی ساڵی ڕابردوو 2024، دادگای تاوانەکانی فیدراڵی لە مانهاتن، 16 تاوانی بەرتیلی ڕووبەڕووی مێنێندێزی کردەوە، لەگەڵ تاوانی فەرمانکردن بە گەندەڵی و کارکردن بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکە و ڕێگریی کردن لە دادپەروەری، هەروەها پێدانی کۆمەڵێک پۆست و پایە بە بە سێ گەورە بازرگانی نیوجێرسی لەبەرامبەر وەرگرتنی پارەدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەرژەوەندیی میسر و قەتەر بەکارهێناوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment