تابلۆیەکی نوێی ڤان گۆخ دەدۆزرێتەوە
لە تابلۆکەدا وێنەی ماسیگرێک دەردەکەوێت کە ریشێکی سپی هەیە و سەبیلە دەکێشێت لەو کاتەی کە خەریکی چاککردنی تۆڕەکەیەتی.

تۆڕی هەواڵی CNN دوینێ پێنجشەمە (30ـی کانوونی دووەمی 2025) لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردۆتەوە، تابلۆیەکی نوێی نیگارکێشی ھۆڵەندیی ڤینسێنت ڤان گۆخ (1853-1890) دۆزراوەتەوە. تابلۆکە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمەریکا فرۆشراوە.
کۆمەڵێک لێکۆڵەر کە لەلایەن کۆمپانیای توێژینەوەی هونەری "ئێڵ ئێم ئایەوە" ڕاسپێردرابوون بۆ لێکۆڵینەوە لە تابلۆکە، دوای شیکردنەوەی کاغەزی تابلۆ کێشان، ڕەنگی بۆیاخ و تایبەتمەندییەکانی دیکەی و پاش چوار ساڵ پشتڕاستیان کردەوە، کە تابلۆکە لەلایەن ڤان گۆخەوە کێشراوە. ئەو شارەزایانە ئەوەشیان خستەڕوو، ڕەنگە تابلۆکە لەو کاتە کێشرابێت، کە ڤان گۆخ لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە باشووری فەرەنسا بووە لە ساڵی 1889.
قەبارەی تابلۆکە لە نێوان 45.7 سانتیمەتر بۆ 41.9 سانتیمەنترە، لە گۆشەی خوارەوەی لای ڕاستیدا نووسراوە "ئێلیمار."
لە تابلۆکەدا وێنەی ماسیگرێک دەردەکەوێت کە ریشێکی سپی هەیە و سەبیلە دەکێشێت لەو کاتەی کە خەریکی چاککردنی تۆڕەکەیەتی. ڕەنگە ڤان گۆخ تابلۆکەی لەژێر کاریگەری نیگارکێشی دانیماڕکی مایکڵ ئانچەر (1849-1927) کێشابێت، کە بەناوبانگ بوو بە کێشانی وێنەی ماسیگران.
ئەم لێکۆڵەرانە لە کاغەزی تابلۆ کێشانەکە تاڵەموویێکیشیان دۆزیوەتەوە کە هەرچەندە دوای پشکنینی DNA دەرکەوت، تاڵە مووەکە هی کەسێکی بە ڕەگەز نێرە و نەسەلمێدراوە ئەو تاڵە مووە هی ڤان گۆخ یان کەسێکی نزیک لە ئەو بێت. ئەوەی سەلمێنەری ئەوەیە ئەو تابلۆیە هی ڤان گۆخ بێت، شێوازەکەیەتی.
ئەو نیگارکێشە هۆڵەندییە کە لە ماوەی ژیانیدا نزیکەی 900 تابلۆی کێشاوە، پێدەچێت تووشی نەخۆشی دەروونی جۆری (تێکچوونی کەسایەتی دوو جەمسەر)ی بووبێت، بەڵام تا ئێستاش نەخۆشییەکەی ڤان گۆخ بەتەواوی دەستنیشان نەکراوە.
لە ساڵی 2020، توێژەرانی سەنتەری پزیشکی زانکۆی گرۆنینگن لە هۆڵەندا، ڕایانگەیاند، ڕەنگە ڤان گۆخ بەهۆی وازهێنانی لە خواردنەوە کحولییەکان تووشی نەخۆشی دەروونی بووبێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت ئەو هونەرمەندە هۆڵەندییە لە ساڵی 1888 گوێچکەی خۆی بڕیبوو، تا ئێستاش هۆکاری سەرەکی گوێچکە بڕینەکەی نازاندرێت.
ڤان گۆخ لە ساڵی 1890، لە تەمەنی 37 ساڵیدا بە دەمانچەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.