هەولێر.. 37ـەمین پێشانگەی ساڵانەی ناوەندی بەشەکانی پەروەردەی پیشەیی کرایەوە
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، 37ـەمین پێشانگەی ساڵانەی ناوەندی بەشەکانی پەروەردەی پیشەیی لە هەولێر، لە گەلەری پاڕکی شانەدەر کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، سەردار قادر، بەڕێوەبەری گەلەری شانەدەر بە کوردستان24ـی گوت، "پێشانگەکە بوارێکی فراوانی بۆ خستنەڕووی بەرهەمە جیاوازەکانی کاری دەستی و هونەری رەخساند، هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ ئەو هونەرمەندانەی تا بتوانن بەرهەمەکانیان بخەنە بەر دیدی خەڵک و پسپۆڕان. هەروەها پێشانگەکە ببووە شوێنێک بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هونەرمەندان و کارەکتەرە چالاکەکانی بواری هونەر و پیشەسازی."
سەردار قادر گوتیشی، "پێشانگەکە بۆ ژمارەیەک لە بواری هونەری و کاری دەستی کراوەیە و خاوەن بەرهەمەکان کە سەرجەمیان مامۆستا و قوتابی بوون، بەرهەمەکانیان لە چەندین بواردا نمایش کرد وەکو، دارتاشی، سیرامیک، کانزا، شێوەکاری، گۆڵکاری، کارەبا، دوورمان و هەروەها بەرهەمە دروستکراوەکان بە تەکنۆلۆژی CNC، کە ئەمانە هەموویان بەشێک لە گەشەسەندنی پیشە و هونەری هاوچەرخ و داهێنانی ناوخۆ پێکدەهێنن."
بەڕێوەبەری گەلەری شانەدەر باس لە گرنگی کردنەوەی ئەو پێشانگەیە دەکات و دەڵێت، "ئەم جۆرە پێشانگەیانە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە زیندووراگرتنی هونەرە دەستییەکان و پاراستنی پیشە کۆنەکانی کوردستان، بە تایبەتی لە سەردەمێکدا کە زۆرێک لە ئەو پیشانە بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی کۆمەڵایەتی و تەکنۆلۆژییەکانەوە رووبەڕووی مەترسی لەناوچوون بوونەتەوە."
سەردار قادر ئاماژەی بەوەش دا، "هەروەها، ئەم چالاکییە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو گەنجانەی حەزیان لە هونەر و کاری دەستی هەیە، تا بتوانن بەرهەمەکانیان پێشکەش بکەن و لە ئەزموونی هونەرمەندە شارەزاکان سوود وەربگرن. هەروەها پێشانگەکە دەتوانێت هاندەرێکی گرنگ بێت بۆ پەرەپێدانی بواری هونەری و ئابووریی پەیوەست بە کاری دەستی لە هەرێمی کوردستان."
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە چاودێری وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 37ـەمین پێشانگەی ساڵانەی ناوەندی بەشەکانی پەروەردەی پیشەیی لەهەولێر، لەژێر ناونیشانی "تێکەڵەیەک لە هونەر و کاری دەستی، لە هەولێر لە گەلەری پاڕکی شانەدەر کرایەوە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.



