ئاوات شێخ جەناب: کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی عێراق بەردەوام دەبێت
کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق سبەیش بەردەوام دەبێت
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە هۆتێل بەغدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، لەیەک تێگەیشتنی باش هەیە و سبەینێش کۆبوونەوە بەردەوام دەبێت.
ئاوات شێخ جەناب لەدوای دەرچوونی لە کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژنامەنووسانی گوتی: باسی خشتە و لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانمان کرد و لەیەک تێگەیشتن هەیە و ئومێد دەکەین سبەینێ گرفتەکان چارە بکرێن و پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە ڕەوانە بکرێت
هەر لە بارەی کۆبوونەوە هاوبەشەکە، دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 لەبەردەم هوتێل بەغدا، کە کۆبوونەوەکەی تێیدا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندووە.
گوتیشی: سەرەتا بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لە ماڵی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی ئەندامانی هەردوو شاندەکە، شوێنی کۆبوونەوەکە بۆ هوتێل بەغدا گواسترایەوە.