ئەمڕۆ قۆناغێکی دیکەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت

 بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 1ـی شوباتی 2025، چوارەمین ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوە بچێت.

 بزووتنەوەی حەماس سێ بارمتە ئازاد دەکات، لە بەرانبەر ئازادکردنی 183 فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا.

دوێنێ هەینی، ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی سەربازی لیواکانی قەسام لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی تۆفانی ئەقسا بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، بڕیاریان داوە ئەمڕۆ شەممە، 1ـی شوباتی 2025، سێ بارمتەی ئیسرائیلی بەناوەکانی "یاردن بیباس، کیس سیگل کە هاوکات خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکی و ئیسرائیلییە و ئۆفەر کالدیرۆن کە خاوەنی ڕەگەزنامەی فەرەنسی و ئیسرائیلییە ئازاد بکات."

لای خۆیەوە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لیستی ئەو بارمتانەیان بە دەست گەیشتووە کە لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.  ئاماژەی بەوەش داوە، وردەکاریی سەبارەت بە ڕێکارەکانی ئاڵوگۆڕکردن دواتر بڵاو دەکرێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، لیواکانی قەسام گرتەی ڤیدیۆیی پرۆسەی ڕادەستکردنی قۆناغی سێیەمی بارمتەکانی ئیسرائیلی بڵاو کردەوە، کە سێ بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرانبەر ئازادکردنی 110 زیندانی فەڵەستینی ئازاد کران.

هەروەها لەو کاتەوەی ئاگربەست لە کەرتی غەززە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئیسرائیل سەدان زیندانیی فەڵەستینی ئازاد کردووە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment