شاندی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ لەبارەی پرسی مووچە لە کۆبوونەوەدان
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچە و هەمواری بودجە لە کۆبوونەوەدان.
کاتژمێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 01-02-2025، کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی؛ لە بەغدا دەستی پێ کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، گفتوگۆ لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەکرێن، دەکرێت.
کوردستان24 زانیویەتی، ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەکرێن تا ئەو کاتەی مامەڵەی خانەنشینیان تەواو دەبێت، مووچەیان پێ نادرێت، بەڵام لە 01-01-2025ـەوە مووچەی خانەنشینیان بۆ هەژمار دەکرێت. هاوکات بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەران خانەنشین دەکرێن، 40 تا 50 ملیار دینار بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە.
دوێنێ هەینی 31ـی کانوونی دووەمی 2025، لە شاری بەغدا بە سەرپەرشتیی دکتۆر فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق؛ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتیی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوە چوو.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا، هاوکات تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولاوە لە سەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون.
وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستبووە ڕوو، شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا.