حکومەتی عێراق: ئامانجی ئۆپەراسیۆنی دۆرە پاراستنی شکۆی دەوڵەت بوو

سوپای عێراق: چەکدارانی دەستگیرکراوی حزبوڵڵا دادگایی دەکرێن

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختدەکاتەوە، پلان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی دۆرە عێراقی بووە.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پلان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی دۆرە عێراقی بووە و ئامانجیش سەپاندنی شکۆی دەوڵەت بووە و ئەوەی دەگوترێت، کە ئەمەریکا لە پشت پرۆسەکەوە بووبێت، قسەی هەڵبەستراوە.

پێشتریش عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی سەربازی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، 14 چەکداری کەتائیبی حزبوڵڵا، کە لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆرەوە دەستگیرکران، رەوانەی دادگای تایبەتمەند کراون.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنیش، بەهۆی نەبوونی بەڵگە لەسەر تێوەگلانیان لە هێرشە مووشەکییەکان، شەش لە دەستگیرکراوەکان ئازاد کراون.

شەوی 26ی ئەم مانگە لە پرۆسەیەكی سەربازیدا ھێزەكانی دژەتیرۆری عێراق 14 ئەندامی کەتائیبی حزبوڵڵایان دەستگیر كرد، كە بەنیازبوونە ھێرش بكەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و ناوچەی سەوز لە بەغدا.