دهۆک.. ئەسانسۆرێک کەوتە خوارەوە و چەند کەسێکیش برینداربوون

لە پارێزگای دهۆک ئەسانسۆرێك کەوتە خوارەوە  و چەند کەسێکیش بەهۆیەوە برینداربوون.

شەممە،1ـی شوباتی 2025، مەتین جەمیل، گوتەبێژی گشتیی تەندروستیی دهۆک، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کاتژمێرێک پێش ئێستا، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ئەسانسۆرێک لە یەکێک لە پرۆژە نیشتەجێبووەکان لە گەڕەکی ئیتیتێ، شەش کەس  برینداربوون  و گەیندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئازادی لە دهۆک و ئێستا تەندروستییان جێگیرە.

مەتین جەمیل، گوتیشی: دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکەکانن.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو کەسانەی لەنێو ئەسانسۆرەکە دابوون، بە نەتەوە عەرەبن، هەروەها ئەسانسۆرەکە لە نهۆمی هەشتەمەوە کەوتووەتە خوارەوە.