بەم زووانە نەخۆشخانەیەکی سەردەمیانە لە ئامێدی دەکرێتەوە

دوای نزیکەی چوار ساڵ کارکردن، بڕیار وایە لەم مانگەدا، نەخۆشخانەیەکی سەردەمییانە لە شارۆچکەی ئامێدی بکرێتەوە،
شەممە، 1ـی شوباتی 2025، مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: زۆرینەی کارەکانی نەخۆشخانەی 100 تەختی کۆتاییان پێ هاتووە و پێشبێنی دەکەین هەر لەم مانگەدا بە فەرمی بکرێتەوە.
مەسعود بۆتی، گوتیشی: کارەکانی نەخۆشخانەکە بە شێوەیەکی سەردەمییانە کراون، بەشی تاقیگە و ڕاوێژکاری و نەشتەرگەریی گشتیی و بەشی تایبەت بۆ لە دایکبوونی منداڵانی تێدایە.
نەخۆشخانەکە گوژمەی 43 ملیۆن دۆلاری لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تەرخان کراوە و بەتەواوبوونیشی دانیشتووانی ئامێدی و دەڤەری بارزان لێی سوودمەند دەبن.