لە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە خۆپیشاندانە

یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، دەیان هاووڵاتی لەبەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە خۆپیشاندانیان کرد و داوای دامەزراندن دەکەن.

میدیاکانی ناوخۆ بڵاویان کردووەتەوە، دەیان کەس لە براوەکانی تیروپشکی 13 هەزار پلەی وەزیفی، کە زیاتر لە پێنج مانگ لەمەوبەر لە لایەن حکوومەتی خۆجێییەوە ڕاگەیەندرابوو و گرێبەستیان لەگەڵیاندا نەکراوە، لەبەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە خۆپیشاندانیان کرد.
ئاماژە بەوە دراوە، خۆپیشاندەران داوایان لە دەستەی دەستپاکیی کردووە، بەخێرایی ڕێوشوێنی گرێبەستەکانیان چارە بکات و دوور بێت لە پشک پشکێنە و خزمایەتی.

پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ڕایگەیاندبوو، دۆسیەی 13 هەزار پلەی وەزیفی ڕەوانەی لیژنەی دەستپاکی کردووە، ئاماژەی بەوەش داوە، ئەندامانی دەستە بڕوایان بەو وەڵامانەی لیژنەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داواکاران نەکردووە.

ڕۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2025، بەبەشداری هەزاران کەس لە هۆزەکانی ناوچەکانی باکووری بەسرە، دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، هەروەها هەڕەشەی داخستنی بیرە نەوتەکانی ئەو پارێزگایەیان دەکرد.

حوسێن مەزراوی، نوێنەری خۆپیشاندەران لەوبارەوە گوتبووی: حکوومەتمان لە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکان و گوێنەگرتن لە خەڵکی شارۆچکەی قوڕنە ئاگادارکردووەتەوە، بۆیە خۆپیشاندانەکان بەردەوام و فراوان دەبێت، تاوەکوو هەموو ئەو خزمەتگوزاریانەی داوامان کردووە جێبەجێی دەکەن.

مەزراوی باسی لەوەش کردبوو، سەردەمی لایەنگریی و پەیوەندیی نایاسایی تەواو بووە، بەرپرسانیش دەبێت بەئاگا بێنەوە پێش ئەوەی بە خۆپیشاندانەکانمان لەناویان ببەین. بۆیە دەرفەتی سێ ڕۆژیان پێ دەدەین و دواتر هەنگاو بۆ داخستنی هەموو کۆمپانیا و کێڵگە نەوتییەکان لە بەسرە دەنێین.

گوتیشی: حکوومەتی عێراق تا ئیستە بێدەنگە و هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە، بە هێزە ئەمنییەکانمان گوتووە، تا ڕۆژی یەکشممە دەرفەتتان دەبێت، دوای ئەوە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بە بەشداریی هەزاران کەس هەوڵی داخستنی بیرە نەوتییەکانی بەسرە دەدەین.

 
Fly Erbil Advertisment