تیمێکی ئێرانی لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە گوندی شەناغەی سەرگەڕان بۆ زێڕ دەگەڕێن

ماوەی دوو ڕۆژە هێزێکی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە نێو زەویی جووتیارێکی کورد بەناوی ئەحمەد کانەبی دەستیان کردووە بە هەڵکەندن و چاڵێکی قووڵیان بە درێژی زیاتر لە شەش مەتر هەڵکەندووە.
دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، خاوەنی زەوییەکە کە جووتیارێکی کوردە دەڵێت: بەبێ پرس ئەوهێزەی سوپای عێراق بەناو زەوییەکەم کەوتوون و زیانێکی زۆرییان پێگەیاندووم، مەڕەشەو سۆندە و کەرەستە کشتوکاڵییەکانیان شکاندووە.
گوتیشی: کاتێک چوومە نێو زەوییەکەم و بەهێزەکەی گوت خەریکی چین؟ ئەوان لە زەوییەکەم دەرمیان کرد و دوورمیان خستەوە.
دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردی پەیامنێری کوردستان24، لە چەند سەرچاوەیەکەوە ئەوەی دەستکەوتووە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا تیمێک هاتوونەتە شوێنەکە و کەسی ئێرانییان لەگەڵ بووە و نەخشەیەکی گەورەیان لابووە، کە هی سەردەمی مەغۆلەکان بووە، گوتوویانە ئەم شوێنە زێڕێکی زۆری تێدا حەشار دراوە، ئەوهێزەش بەکەرەستەی هەڵکەندن و حەفارەوە لەدوێنێوە لەسەر ڕاسپاردەی تیمە ئێرانییەکە بەدوای ئەو زێڕەکەدا دەگەڕێن کە وتوویانە نزیکەی سێ تۆن زێڕ لەژێر ئەم زەوییە هەیە.
لەم بارەیەوە موختاری گوندەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر کاری ئەوهێزە و هەڵکەندنی زەوییەکە بەرپرسانی ئیداری سنوورەکەم ئاگادارکردۆتەوە و پێیان ڕاگەیاندووم، بەدواداچوون دەکەن بەڵام تائێستا ئەوهێزەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە هەڵکەندن بەردەوامن.

