هاتوچۆی کۆیە: ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبیل لە دەرەوەی ڕێنماییەکان زیادی کردووە
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کۆیە بڕیاری داوە، بە دواداچوون بۆ ئۆتۆمبیلە جامڕەشەکان بکات و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت: ماوەیەکە ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبیلەکان لە دەرەوەی ڕێنماییەکان زیاد بووە.
سەنگەر سەڵاح ، بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی شوباتی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ماوەیەکە ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبیلەکان لەلایەن هاووڵاتییان و لە دەرەوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، بۆتە دیاردە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە ڕاشیگەیاند، هەر ئۆتۆمبیلێکی جامڕەش لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە ببینرێت، ڕاستەوخۆ پێبژاردن بۆ خاوەنەکەی دەکرێت و مەبەستمانە ڕێگریی لە تەشەنەی ئەم دیاردەیە بکەین.
بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێنمایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم، هاووڵاتییان دەتوانن جامی ئۆتۆمبیلەكانیان ڕەش بكەن و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی پارێزگاكانیان وەربگرن، بەڵام پێویستە چەند مەرجێکیان هەبێت:
-پێشكەشكردنی داواكاری لەو بەڕێوەبەرایەتییەی كە ئۆتۆمبیلەكەی لێ تۆمار كراوە.
-پێویستە ئۆتۆمبیلی تۆماركراو هەڵگری تابلۆی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بێت.
-مۆڵەتەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت و ساڵانە نوێ دەكرێتەوە.